سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی دەکات
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە هاوەڵی بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆک، لێپرسراوی پڕۆژەکان و نەخشەسازی و دیزاین لێپرسراوی شەقامی ١٠٠م و کۆمەڵێک لە ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان، زنجیرەیەک سەردانی مەیدانی بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و ژێرخانی گرنگی شاری ئەنجامدا.
ئامانجی سەردانە، بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بۆ ئاستی پێشکەوتنی کارەکان، ناسینەوەی کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و هەوڵدان بۆ خێراکردنی تەواوبوونیان بوو.
لە ماوەی سەردانەکاندا، دۆخی جێبەجێکردنی هەر یەک لە پڕۆژەکان بە وردی هەڵسەنگێندرا و لەگەڵ تیمە ئەندازیاری و سەرپەرشتیارەکان گفتوگۆ لەسەر پێداویستییەکان و چارەسەرکردنی کۆسپەکان کرا، بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی و بە کوالێتییەکی باشتر تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی هاوڵاتییان.
لە کۆتایی سەردانەکاندا، سەرۆکی شارەوانیی جەختی لەسەر خێراکردنی ڕەوتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کردەوە و ڕاسپاردی ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکان کرد کە هەموو تواناکانیان بۆ تەواوکردنی کارەکان لە کەمترین ماوەدا بخەنەگەڕ.
بەشێک لەو پڕۆژانەی بەڕێز سەرۆکی شارەوانی، ئەمڕۆ بەسەری کردنەوە:
- هەڵسەنگاندنی دۆخی دوو سایدی شەقامی شارباژێڕ لە فلکەی خوار تونێلی پێشڕەوەوە بە ئاڕاستەی شەقامی سەرەکی هەواری شار بە مەبەستی سەرلەنوێ قیرتاوکردنەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا.
- فراوانکردنی لای ڕاستی شەقامی هەواری شار، لە یەکتربڕی شەقامی شارباژێرەوە، بۆ یەکگرتنەوەی شەقامی هەواری شار و چارەسەرکردنی کێشەی یوتێرنی شەقامەکە.
- پڕۆژەی فراوانکردنی هەردوو لای شەقامی ١١٠م هەواری شار.
- لە نزیکەوە هەڵسەنگادنی پێگە و دیزاینی یەکتربڕی بەردەم هۆتێل تایتانیک کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە جوڵەی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود سەربەست دەکات و گەڕەکەکانی تویمەلیک و شەقامی بەردەم چاڤیلاند بەخۆیەوە دەبەستێتەوە.
- بەدواداچوون بۆ شوێنی دروستکردنی پردی پەڕینەوەی کارەبایی پیادەڕەو لە بەردەم دادگای سلێمانی.
- هەڵسەنگاندنی شێواز و قۆناغی کارکردن لە ڕۆدەکانی (٢، ٤، ٦) کە پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری بە ناوەندی شاری سلێمانییەوە دەبەستێتەوە بەتایبەت چارەسەرکردن و لابردنی ئەو کۆسپانەی کە لەبەردەم پڕۆژەکەدا هەیە کە هەندێکیان پەیوەندی بە هاوڵاتییان و هەندێکیشی پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە هەیە.
- پڕۆژەی کۆنکرێتکردن و ڕاکێشانی کربستۆن بۆ بەشێک لە کۆڵانەکانی (٢٠) بیستەکانی چوارچرا کە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
٢٠٢٦/٨/١٧


