کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخ بەڕێوەچوو
بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخ کە بەهۆی زیادکردنی نرخی رەسمی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی دروست بووە، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و حکومەتی خۆجێی سلێمانی ، ئامادەبوونی شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی فازڵ عومەر قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت و نەوزاد غەفور سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و نوێنەری ئاسایشی سلێمانی و سەندیکاکان و ژمارەیەک لە بازرگانان بەڕێوەچوو.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی هاوشێوەیە لە نێوان هەردوولادا بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر و ڕێکخستنەوەی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکرنی نرخی خواردن و کاڵاو پێداویستیەکان .
لە کۆبوونەوەکەدا فقزڵ عومەر قائیمقامی سلێمانی جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگ و کارای قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکانی کردەوە و ووتی ؛ لیژنە هاوبەشەکان ڕاسپێردراون بە بەردەوامی چاودێریی مەیدانی بازاڕ و مارکێتەکان و کۆگاکانی خۆراک بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگریی تەواو بکەن لە هەر هەوڵێک بۆ قۆرغکاری یاخود بەرزکردنەوەی نرخی خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتییان.
دوای تاوتوێکردنی دۆخی بازاڕ لە بەر رۆشنایی بەرزکردنەوەی نرخی رەسمی دۆلار لێپرسراوانی ئامادەبووی کۆبونەوە کە رایانگەیاند : هەماهەنگی نێوان ئیدارەی شارەکە و بازرگانان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی بازاڕ سەقامگیر بێت و کاڵا و خۆراک و پێداویستی بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەست هاوڵاتییان و سەقامگیری بازاڕ بپارێزرێت.
دەستخۆشیش لە بازرگانان کرا کە بەردەام لە هەموو بارودۆخەکاندا هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ ئەوەی بازاڕ سەقامگیر بێت و خواردن و پێداویستیەکان بەنرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاوڵاتیان.

