ڕوونکردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە
ڕێکەوتی ئەمڕۆ دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە ٥٧/ک/٢٠٢٦ لە ٢٠٢٦/١٠/٢١ دەرکردووە، کە بووەتە باس و خواسی ڕاگەیاندنەکان و لێکدانەوەی جیاوازی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەجۆرێک پێچەوانەی یاسا و هەتا مەنتووقی بڕیاری ئاماژەبۆکراویشە. سەرەتا ئەو بڕیارە تەنها لە مەنتووقەکەیدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لەخۆ دەگرێت و ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و هیچ بەڵگەیەک (حوجییەتێک) پێک ناهێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنها تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی لەخۆ گرتووە کە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرنەگرێت، لەکاتێکدا بڕیارەکە تەنها بڕیارێکی کارگێڕی هەڵوەشاندووەتەوە لە ڕووی تایبەتمەندێتیی (اختصاص)ەوە.
بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق، دەستوور پاشان یاسا تایبەتەکان و لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە ڕێکیخستووە، هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە ڕێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانووبەرە، چونکە بەپێی دەستووری عێراقیی بەرکار هاووڵاتیان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی و تائیفی و ناوچەگەرێتی. بەوەش ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە ڕاڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بکات کە ئەو بڕیارە تاوتوێی کردووە.
لەگەڵ ڕێزدا.
